عیراقى و جیهانى

زۆربه‌ی لایەنگرانی گۆڕان بە ڕێکەوتنەكه‌ ناڕازین

 

 

 

ڕێکخەری گشتیی خۆپیشاندانەکانی 17ی شوباتی ساڵی 2011 ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێکی زۆری لایەنگرانی گۆڕان، لە ڕێککەوتنەکەی حزبەکەیان و یەکێتی ناڕازین. دەشڵێت: گۆڕان درۆیەکی گەورەی لەگەڵ خەڵک کرد.

بەهرۆز جەعفەر، توێژەر و ڕێکخەری گشتیی خۆپیشاندانەکانی 17ی شوبات، ده‌ڵێت ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی، لاوازیی بزووتنەوەی گۆڕان دەردەخات، چونکە بەشێکی زۆری لایەنگرانی گۆڕان بەو ڕێکەوتنە ناڕازین. گوتیشی: ئەو ڕێککەوتنە دەری خست کە گۆڕان بە ڕابەرایەتیی نەوشیروان مستەفا، گەورەترین درۆی شاخدار بوو کە ئاراستەی خەڵکی کوردستان کراوە، ڕێککەوتنەکەش تەنھا لاوازیی بزووتنەوەی گۆڕان دەردەخات, چونکە گۆڕان عەقڵیەتێکی فکری و کارکردنی نەبووە، ھەروەھا ئەوەش دەسەلمێنێت کە تەواوی ئەو ھاشوهوشەی گۆڕان دەیکرد، بەشێک نەبووە لە ستراتیژیەت و بیروباوەڕی گۆڕان بە ئازادی و دیموکراسیەت.

ئەو توێژەرە باسیشی لەوە کرد: کاتێک نەوشیروان مستەفا لە یەکێـتیی نیشتمانی چووە دەرەوە، لە لاوازی خۆیەوە چووەتە دەرەوە، ئێستاش کاتێک لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتووەتەوە، بە دەرنجامی لاوازی و شکستییەکی زۆرەوە لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتنی سیاسی واژوو کردووە، بێگومان بەھۆی ئەم ڕێککەوتنە لەئاستی سەرەوە تاوەکوو  خوارەوە، بزووتنەوەی گۆڕانی تووشی ھەڵوەرینی لایەنگران و ڕێکخستنەکان کردووە. بە گوتەی ئەو: ئەدەبیاتی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەدەبیاتێکی ناشرینە، چونکە خودی خۆم کەسێکی بێلایەنم، ھەمیشە لە ڕێگەی توێژینەوەی سیاسییەوە ڕەخنەم لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان گرتووە، بەڵام لایەنگری ھیچ حزبێکم نەدیوە، ھێندەی لایەنگرانی گۆڕان بە ئەدەبێکی نەشازەوە جوێن و تەشھیر و تۆمەتی بێ بنەمام بۆ دروست بکەن.