عیراقى و جیهانى

نه‌وشیروان مامه‌ڵه‌ی جه‌نگه‌ڵستان له‌گه‌ڵ پارتی ده‌كات

 

 

 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بۆئەوەدەکات ئه‌وانه‌ی مارانگازی نه‌وشیروان بوونه‌، ده‌زانن فیته‌ی ئه‌و پیاوە هه‌مان فیت فیته‌كانی ناو په‌رله‌مانه‌ كه‌ حه‌كه‌مه‌كه‌ی خێری لێ نه‌دی، ئه‌وانه‌شی هێشتا عیبره‌تیان وه‌رنه‌گرتووه‌، ره‌نگه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك ببنه‌ عیبرت.

ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا بەناونیشانی(ئاغای گردەکە چی دەوێت؟)باسی لەوەکردوە" خوێندنه‌وه‌یه‌كی زۆر ساده‌ بۆ ئه‌جێندای ئه‌مجاره‌ی نه‌وشێروان مسته‌فا سه‌باره‌ت به‌ سیناریۆی به‌ناو ئیتیفاقی سیاسی له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌ی خۆی كاولكاری بوو، هه‌ر خۆیشی نه‌خشه‌ دارێژی وێرانه‌ كردنی بوو".. ئێوه‌ له‌وه‌ گه‌ڕێن كه‌ ئه‌م كابرایه‌ عوقده‌ی حقدی له‌گه‌ڵ پارتیدا هه‌یه‌ و له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ درێغی نه‌كردووه‌ له‌ پیاده‌كردنی سیاسه‌تی هه‌مه‌جیانه‌ و مامه‌ڵەی جه‌نگه‌ڵستانه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی، له‌ هه‌مووشیاندا وه‌كو شێری پیرو ڕێوی په‌كه‌وته‌ داینواندو".

باسی لەوەشکردوە"هه‌نوكه‌ ئه‌و زاته‌ نا ریفۆرمخوازه‌ ده‌زانێت گلۆره‌ی ته‌مه‌نی كه‌وتۆته‌ لێژی و ئه‌وه‌نده‌ ته‌مه‌نی به‌ به‌ره‌وه‌ نه‌ماوه‌ تائاواتی شکست خواردوی لەمێژینەی بێتە دی ، بۆیه‌ فرچه‌كی به‌ ئاشوبه‌وه‌ گرتیه‌و حه‌ز ناكات له‌ دوای خۆی كوردستان و حیزبه‌ كوردستانییه‌كان ئارامی به‌خۆیانه‌وه‌ ببینن".

ئەوەیشی نوسیوە"ئه‌مه‌ش له‌و ڕوانگه‌وه‌ی یه‌كده‌نگی ناو حیزبه‌ كوردستانییه‌كان گه‌وره‌ترین زیان به‌ تێفکرینەکەی ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه‌شه‌ وه‌كی لۆکه‌ی مام هه‌لاج هه‌وڵ ده‌دات هه‌ریه‌که‌یان بۆ لایه‌ك هه‌ڵداو له‌ چه‌کوشیش بداو له‌ بزماریش بدات".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە"ئیدی ئه‌وانه‌ی مارانگازی نه‌وشیروان بوونه‌، ده‌زانن فیته‌ی ئه‌و پیاوە هه‌مان فیت فیته‌كانی ناو په‌رله‌مانه‌ كه‌ حه‌كه‌مه‌كه‌ی خێری لێ نه‌دی، ئه‌وانه‌شی هێشتا عیبره‌تیان وه‌رنه‌گرتووه‌، ره‌نگه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك ببنه‌ عیبرت".