عیراقى و جیهانى

به‌غدا چه‌كی پێشمه‌رگه‌ بۆ په‌كه‌كه‌ ده‌نێرێت

 

 

 

رۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"ی میسری لە ژمارەی دوێنی هەینیدا راپۆرتێكی لەسەر پێدانی چەكی پێشكەوتوو لەلایەن بەغداوە بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان بڵاوكردۆتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، كە ئەو چەكە پێشكەوتووە لە رێی رێككەوتنێكی پێشوەختەی نێوان حەشدی شەعبی و پەكەكە بووە و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیش ئاگەدار و بێدەنگی هەڵبژاردووە، بۆیە ئەو چەكە پێشكەوتووانەی رۆژئاوا و رووسیا بۆ بەغدای دەنێرن، بەشێكی بە دزیی و شاراوەییەوە دەگاتە قەندیل.

رۆژنامەكە نووسیویەتی، ئێستەی پێوەندییەكی پتەو هەیە لە نێوان حەشدی شەعبی و پەكەكە، دوای ئەوەی زنجیرە كۆبوونەوەیەكی چڕ و پڕ لە نێوان سەركردەكانی پەكەكە لەگەل هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر و سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی لە عێراق لەماوەكانی رابردوو ئەنجام درا. رۆژنامەكە ئاماژەی بە وەرگرتنی زانیاری لە حكوومەتی هەولێر و بەغدا وەرگرتووە و تێیدا روونی كردۆتەوە كە بەشێوەیەكی ناڕەسمی و بە شاراوەییەوە چەكی پێشكەوتوو لە مووشەكی دژە فڕۆكە و دژە تانك و هاوەن و چەكی تر دەگاتە دەست چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە چیای قەندیل.

له‌ رۆژنامه‌كه‌دا زیاتر روون كراوەتەوە كە بەشێك لەو چەكانەی بۆ پەكەكە دەنێردرێن، بریتین لە چەكە رووسیەكان كە مووشەكی "سیتریلا" و "فیربا"ن كە بەهێز و كاران لە رووبەڕووبوونەوەی تانك و فڕۆكەدا.

محەمەد سەعید ئەفەندی ئەفسەر و بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێی شوان لە باكوری كەركووك لە رۆژی 4 مانگی یەكی ئەمساڵ ئاشكرای كرد، كە هێزەكانی ئاسایش دەستیان بەسەر شاحینەیەكی گەورەی پڕ چەك و تەقەمەنی گرتووە كە لە بەغداوە هاتووە و ویستوویەتی بەرەو قەندیل بڕوات، بەڵام لە نزیك ئەو شارەدێیە هێزە تەناهییەكان دەستیان بەسەر شاحینەكە و دوو سەرنشینی گرتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی رۆژنامەكە بڵاوی كردۆتەوە، رۆژی 15 ئەم مانگە كاروانێكی چەك لە بەغداوە گەیشتۆتە قەندیل و لەوێ بەسەر چەكدارانی پەكەكە دابەشكراوە، ئەو رۆژنامەیە دەڵێ، هەماهەنگی ورد لەنێوان بەغدا و پەكەكە هەیە و بوونی ئەو چەكدارانە لە هەر ناوچەیەك دەبێتە كارئاسانییەكی گەورە بۆ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، هاوكات بە هاوكاری حزبەكەی تاڵەبانیش كە بەیەكەوە لە ناوچەكانی شەنگالی رۆژئاوای مووسڵ و دووزخورماتوو لە سەلاحەدین و چیاكانی قەندیل سنووری نێوان ئێران و توركیا و لە ناوچەكانی ئامێدی و زاخۆ و قەڵادزە و سۆراندا بوونیان هەیە و بەگوێرەی زانیارییەكانیش 7% خاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە كۆنتڕۆڵ كراوە و لە ساڵی 199 و 2000 و 2001 زنجیرە شەڕێك لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پەكەكە و دواتریش یەكێتی و پەكەكە دروست بوو، ئەوان داوای دەرچوونی چەكدارانی پەكەكەیان دەكرد لە ناوچە كوردییەكانی عێراق.