عیراقى و جیهانى

پارتی ته‌نها له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆده‌بێته‌وه‌

 

 

 

پارتی دیموکراتیی کوردستان دەیەوێت بە جیا گفتوگۆ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بکات، یەکێتیش ئامادەیە بەبێ گۆڕان، گفتوگۆ لەگەڵ پارتیدا بکات.

هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان له‌لێدوانێكیدا ئاشكرای ده‌كات: پارتی دیموکراتیی کوردستان بڕیاری ئەوەیە کە بەجیا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی کۆببێتەوە، نەک لەگەڵ ئەو کۆمیتەی کە باسی دەکەن و پێکەوە گفتوگۆ دەکەن. گوتیشی: بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت لەپاڵ ئەجێندای تایبەتیی خۆی، دەنگ و قورسایی یەکێتی بۆ خۆی بەکار بهێنێت، بۆیە پارتی لەو یارییە تێگەیشتووە.

بەپێی زانیارییەکان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەمبارەیەوە گفتوگۆی کردووە، تاوەکوو پێش ئەوەی سەردانی پارتی بکەن، سەردانی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان بکەن و دواتر ئەگەر پارتی لەسەر ئەو داوایەی خۆی بەردەوام بوو، لارییان نابێت و بەجیا لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە. لەمبارەیەشەوە عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: یەکێتی لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتیی سیاسی لە کوردستان، لاری لەکۆبوونەوە لەگەڵ هیچ حزبێکدا نییە.