عیراقى و جیهانى

ئه‌ڵمانیا ئه‌م كاره‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

 

 

 

سەركردەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تا ئێستا لەچوارچێوەی شەڕی دژی داعشدا، 20 هەزار پارچە چەك و پێداویستیی سەربازییان داوەتە پێشمەرگە.

عەقید برێند پڕێل سەركردەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، وڵاتەكەی چەندین ئۆتۆمبیلی سەربازیی و چەكی میلانی داوەتە هێزەكانی پێشمەرگەوتیشی"لە ساڵی 2016دا ژمارەیەك چەك و تەقەمەنی و پێویستیی سەربازییمان پێشكەش بە هێزەكانی پێشمەرگە كردووە، ئێستا بەشێك لەو هاوكارییانە لە قۆناغی بەدەست گەیشتندایە، لە ساڵی 2017-ەش هەوڵ دەدەین پڕۆژەمان هەبێت بۆ بەهێزكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆردا".
دەربارەی قەبارەی ئەو هاوكارییانەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بە پێشمەرگەیان داوە، سەركردەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان وتی"لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە تائێستا نزیكەی 20 هەزار پارچە چەكمان داوەتە هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش، هەروەها چەندین ئامێری سەربازی دیكەشمان پێشكەش بە پێشمەرگە كردووە، لەوانە ئۆتۆمبێلی سەربازی، جگە لە چەكی میلان".

لە درێژەی قسەكانیدا ئەفسەرە ئەڵمانییەكە وتی"ئێمە تا ئێستا بەردەوامبووین لە راهێنانی هێزەكان لەسەر ئەو چەكانەی لەلایەن ئەمریكاوە پێیان داربوو، لە ئێستادا سەرقاڵی راهێنانی هێزی پێشمەرگەین بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەڵمانی".