عیراقى و جیهانى

شێخ جه‌عفه‌ر: سامانی یه‌كێتی له‌چنگیان ده‌ردێنین

 

 

 

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایدەگەیەنێت كێشەكانی ناو حزبەكەی لەسەر "دزینی سامانی میللەت‌ و پۆستە"‌و باسلە دیارنەبوونی داهاتی حزبەكەشی دەكات، رەخنەی توندیش لە راگەیاندنەكانی حزبەكەی دەگرێت. 

شێخ جەعفەر مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و فەرماندەی گشتی هێزەكانی 70 لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا باسلەكێشەكانی حزبەكەی دەكات‌و لەبارەی بوونی شەرعییەتی ئەندامان لەناو مەكتەبی سیاسی یەكێتی، تەئكید دەكاتەوە شەرعیەتی ئەسڵی ئەسڵ لەناو مەكتەبی سیاسیدا ئەوانن(ناوەندی بڕیار)، دەڵێت"لەدوای دوو جێگرەكە سێ كەسی تر شەرعیەتی هەیە لە ناو مەكتەب سیاسیدا كە بە دەنگی كۆنگرە هەڵبژێردراون ئەوانیش یەكێكیان حاكم قادرە و یەكێكیشیان مەحمود سەنگاوی‌یە ئەوی تریشیان بەندەی موخڵیستانە".

شێخ جەعفەر ئەوەشدەخاتەڕوو، لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە ناوەندی بڕیار لەناو‌ یەكێتیدا نەماوەو هەركەسەو بۆخۆی بووەو تەنانەت ئەگەر لەگەڵ كەس‌و لایەنێك دابنیشتنایە گوزارشتیان لە ڕای خۆیان دەكرد نەك یەكێتی. ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژە بە كێشەی دیكە ناو حزبەكەی دەكات‌و دەڵێت"كەس نازانێت داهاتی یەكێتی چۆن دێت و چۆن دەڕوات و بۆ كێ خەرج دەكرێت‌و بێویژدانی لە دابەشكردنی داهاتی یەكێتیدا هەیە كە پارەی پـێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدانە".