عیراقى و جیهانى

پارتی به‌توندی وه‌ڵامی مالیكی ده‌داته‌وه‌

 

 

 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وەڵامی هەوڵەکانی نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە، دەداتەوە کە واباس دەکرێت، لەسەر پێشڕەوی پێشمەرگە، نیگەرانی لای ئەمەریکییەکان نیشان داوە.

خەسرۆ گۆران، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتیی کوردستان، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: پێشمەرگە نەگەیشتوەتە ئەو شوێنانەی کە پێش هاتنی داعش سنووری بووە، هێشتا بەشێکی زۆر سنووری کودستان، ماوە کە پێش ئەوەی داعش بێت پێشمەرگەی لێ بووە و تائێستا پێشمەرگە نەیگرتووەتەوە، بۆیە قسەکانی نووری مالیکی، هیچ بنەمایەکی بۆ نییە، هیچ پێشرەوییەکی نوێ نییە، ئەمەریکییەکان پێش نوری مالیکیش، دەزانن پێشمەرگە و سوپای عێراق لەکوێ بووە.

گۆران، زیاتر لەو بارەوە قسە دەکات و دەڵێت: "ئێمە خاکی هیچ لایەکمان داگیر نەکردووە، و خاکی هیچ لایەنێکیش داگیرناکەین، بەڵام ئەوە ماوەیەکە سەرانی حزبی دەعوە، لەسەر راگەیاندنەکان بانگەشەی ئەوەدەکەن، (دەبێت پێشمەرگە سنووری بۆ دابنرێت و باسی گۆڕینی دیمۆگرافیایی ناوچەکان دەکرێت)، لە کاتێکدا کورد دیمۆگرافیایی هیچ لایەنێکی نەگۆڕیووە و نایکات، نە لە کەرکووکو نە لە شوێنەکانی دیکە، بەپێچەوانەوە ئەوەی کراوە، دیمۆگرافیای کوردە گۆڕاوە، کورد دەیەوێت، ئەو شوێنە کورد نشینانە رزگاربکاتەوە، کە ئێستا لەژێر دەستی داعشدان، دواتر خۆیان بڕیار دەدەن سەر بەچ لایەنێک بن و بەشێوەیەکی ئازاد بڕیار خۆیان بدەن".

لەبارەی قسەکانی، نووری مالیکی، لەسەر "مەترسی دابەشکردنی مووسڵ"، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتیی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێی وایە کە مووسڵ موڵکی مالیکی و غەیری مالیکی نییە، مووسڵ خاکی عەرەب و کوردە، هیچ نووسرێکی پیرۆز لەو عێراقە نییە، بڵێت، سنوور ناگۆڕێت، لەوەتەی عێراق دامەزراوە تائێستا هەر سەرۆکو مەلیکێک، بە ئارەزووی خۆی گۆڕانکاری کردووە، کەی سەڵاحەدین، پارێزگاربووە؟ ئەی بۆ ناگەرێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە پێشووتر لەسەری بووە؟، دووزخوورماتوو، بۆ دابڕێنرا و لکێنرا بە سەڵاحەدیننەوە؟.
ئەوەشی خستەروو: بەرژەوەندی وڵات چی بخوازێت ئەوە گرنگترە، لە تورکیا هەموو ساڵێک پارێزگایەک زیاد دەبێت، پارێزگای تورکیا هەیە، بەقەد قەزایەکی عێراقە، کەچی مووسڵ ژمارەی دانیشتوانی 3 ملیۆن کەسە، دووەم پارێزگای گەورەیە لە عێراق، زۆر ئاساییە، لەبەرژەوەندی ئاین و کەمە نەتەوەکان گۆڕانکاری تێدا بکرێت.