عیراقى و جیهانى

په‌یه‌ده‌ داهاتی رۆژئاوای كوردستان ده‌داته‌ رژێم

 

 

 

بە پێی رێككەوتنێكی نوێ لە نێوان رژێمی سووریا بە سەرۆكایەتی بەشار ئەسەد و پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە"، داهاتی رۆژئاوای كوردستان لە نێوان ئەو دوو لایەنە برا بەش دەكرێت. بەرپرسێكی كوردیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەبێ هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووری، پەیەدە سەرانە و باج لە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان وەردەگرێت.

لە دوای شۆڕشی گەلانی سووریاوە، بە پێی رێككەوتنێك رژێمی بەشار ئەسەد پاراستنی رۆژئاوای كوردستان، بیرە نەوتەكان، كەرتی كشتوكاڵ و كەرتەكانی تر بە شێوەی كاتی رادەستی پەیەدە كرد، پەیەدە بە هێزی چەكداری حوكمی تاكڕەوانەی رۆژئاوای كوردستانی كرد، ئەو حوكمكردنەش پەلی بۆ دەست بەسەرداگرتنی داهاتی رۆژئاوای كوردستان لە لایەن پەیەدەوە، سەرەتا تەواوی داهاتی رۆژئاوای كوردستان لە كەرتی نەوت و پیشەسازی و كشتوكاڵیدا رادەستی رژێمی ئەسەد دەكرد، لە بەرامبەردا هەقدەستی خۆی وەرگرتووە، بەڵام ئێستە لە نێوان خۆیاندا برا بەشی دەكەن.

مونجەد ئەحمەد ئابووریناس لە شاری قامیشلۆ ئاشكرای دەكات، جگە لە دەروازەی سێمالكا، پەیەدە نزیكەی 25 دەروازەی سنووری نایاسایی لەسەر سنووری نێوان رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ باكور و باشووری كوردستان و خاكی عێراق كردووەتەوە، پەیەدە لەو دەروازانەدا باج لە بەرامبەر تێپەڕاندن و گواستنەوەی هەر كەلوپەلێكی خۆراك و كشتوكاڵی وەردەگرێت، رێگە نادات هیچ كەلوپەلێك بە بێ باج بچێتە رۆژئاوای كوردستان و بە پێچەوانەوە.

هاوكات مانگانە داهاتێكی زۆر كە بە 700 تا 750 ملیۆن دۆلار دێتە خەمڵاندن لە فرۆشتنی نەوت و باج وەرگرتن لە دانەوێڵەی گەنم و بەروبوومە كشتوكاڵییەكانی تر دەست دەكەوێت، كە كۆی گشتیی داهاتی پەیەدە لە مانگێكدا نزیكەی ملیارێك دۆلار دەبێت، واتە ساڵانە پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان بە دەروازە فەرمی و غەیرە فەرمییەكان، بازگەكانی نێوان شارەكانی رۆژئاوای كوردستان سەرووی 10 ملیار دۆلاری ئەمەریكی داهاتی هەیە بێ ئەوەی كەس بیزانێت چ لەو داهاتە دەكرێت و چۆن خەرج دەكرێت، لەكاتێكدا دۆخی دارایی هاونیشتمانان لە تێكڕای رۆژئاوا لە بارێكی خراپدایە كە لەگەڵ ئەو داهاتەی دەست پەیەدە دەكەوێت یەك ناگرێتەوە.