عیراقى و جیهانى

نه‌وشیروان دژی دوو باڵه‌كه‌ی یه‌كێتیه

 

 

 

هەڵسووڕاوێکی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە هەوڵ دەدات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەموو باڵەکانیەوە هەڵبوەشێنێتەوە. دەشڵێت: ”بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆی کەوتووە“.

کاروان ساڵح، هەڵسووڕاوی پێشووی گۆڕان و پەرلەمانتاری پێشووی ئەو بزووتنەوەیە لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە سەرەتاوە نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، زۆر دژی (کۆسرەت ڕەسول عەلی و بەرهەم ئەحمەد ساڵح)، جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێتی کردووە و ”لە ڕابردووشدا زۆر شتی کردووە و بە جددی دژایەتی ئەو دوو باڵەی یەکێتی کردووە“.

ئەوەشی ڕوونکردەوە: ”ڕێکخەری گشتیی گۆڕان بۆ بەرژەوەندیی خۆی و بزووتنەوەکەی، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت، دەزانێت باڵی دەستڕۆیشتوو سەقامگیریی زیاتری هەیە و ناوچەی سلێمانی زیاتر لە دەسەڵات و لەسەر دەستی ئەوانە، پشتیوانییان دەکات“. گوتیشی: ”ئەو بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ئەوە دەدات کە لە پەرتەوازەیی و ململانێی یەکێتیدا سوودمەند بێت، بۆ خۆی گۆڕەپانەکە کۆنتڕۆڵ بکات و ببێتە خاوەنی، بۆ ئەوەی خەونەکانی پێشووی بێتە دی“.

پەرلەمانتارەکەی پێشووی گۆڕان ده‌ڵێت: نه‌وشیروان مستەفا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی جددی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی بە هەموو باڵەکانی دەدات، دڵنیام لەوەی هیچ لایەنێکی خۆش ناوێت. ئەوەی ئێستا دەیکات، تەنیا بەرژەوەندیی خۆی و بزووتنەوەکەیەتی“. دووپاتیشی کردەوە: ”نەوشیروان مستەفا وازی لە بنەماکانی خۆی هێناوە، ئەو ئێستا بەدوای بەرژەوەندیی خۆی کەوتووە. هەموو ئەو کارانەی ئێستا لە ئارادان، بۆ پڕپارەکردن و گیرفانپڕکردن و بە بنەماڵەکردنی بزووتنەوەکەیە، کارگەی چیمەنتۆ و بازاڕ و کۆمپانیا و کارگەکانی سەر بە گۆڕان، لای کێیە و کێ دەزانێت دینارێک لە کوێیە؟ نەوشیروان مستەفا بودجەی حزب و پۆستی 5 وەزارەت و سەرۆکی پەرلەمانی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار هێنا“.