عیراقى و جیهانى

ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ كریستانه‌كانی نه‌ینه‌وا دروست ده‌كرێ

 

 

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ، قسەکردن لەسەر ئایندەی پارێزگای نەینەوا گەرموگوڕتر دەبێت، لە تازەترین پێشهاتدا، دیموکرات و کۆمارییەکانی کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەنیازی پەسەندکردنی پرۆژەبڕیارێکن، کە داوای دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام بۆ کەمینە ئاینییەکانی دەشتی نەینەوا دەکات.

ئەم پرسەش لەمیانەی سێیەمین کۆنگرەی بەرگریکردن لە مەسیحییەکان خرایەڕوو، کە بە ناونیشانی "دوای کۆمەڵکوژی، پاراستنی ئایندەی مەسیحییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە ئەمریکا بەڕێوەچوو.

کرستین ئەفینز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی بەرگریکردن لە مەسیحییەکان راگەیاند، لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس، پرسی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە دەشتی نەینەوا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، تاوتوێ دەکەین". 

ئەفینز دەڵێت "ئەو ناوچەیە کەمینەی ئاینی تێیدا دەژین و پێویستە لە ژێر چاودێری و پاراستنی حکومەتی خۆجێی دابن، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی".

جێف فورتنبری، ئەندامی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس دەڵێت لە ساڵی 2014-ەوە داوای دروستکردنی پارێزگایەکی نوێمان لە دەشتی نەینەوا لە عێراقییەکان کردووە، ئاماژە بەوەشدەکات، پێویستە پارێزگاری لەو ناوچەیە بکرێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌ سەبارەت بەم پرسە نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا برێت مەکگۆرگ قسەی لەگەڵ ئەو پارتانە کردووە کە نوێنەرایەتی بەشێک لە کریستیانەکان دەکەن، زۆرینە لەسەر ئەوە کۆکن دەشتی نەینەوا بکرێتە پارێزگایەک و بخرێتە سەر باشووری کوردستان.