عیراقى و جیهانى

یه‌كێتی بە هاتنی فەتلاوی و دیداری عامری مەمنونە!!

 

 

 

کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی نێوان بەرپرسانی یەکێتی و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕەخنەی توندی لە حزبەکەی گرت و ڕای گەیاند: ”هەرچی شوێنی شیاو هەیە، بە کەسانی نەشیاو پڕکراوەتەوە“.

سلێمان عەبدوڵا یونس، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی و کادیرێکی پێشکەوتووی سەر بە ناوەندی بڕیاری یەکێتی، لە نووسینێکیدا کە لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بە ناونیشانی (نوێنەری ئۆباما بۆچی لەگەڵ یەکێتی کۆنەبۆوە) بڵاوی کردووەتەوە، بارزانی بە پۆستی سەرۆکایەتییەکەوە، ڕۆژانە شاندە ئاست بەرزەکانی ئەمریکا و ئەورووپا و ناوچەکە بە دەوری پارتەکەیدا کۆدەکاتەوە، کەچی: ”یەکێتی، بە پۆستێکی گەورە و گرنگی وەکو سەرۆک کۆماری عێراق، ناتوانێت کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەرەکەی ئۆباما ڕێکبخات و بە هاتنی فەتلاوی و دیداری عامری مەمنونە“.

سلێمان عەبدوڵا یونس دەڵێت: ”پارتی بە پۆستی سەرۆک وەزیرانی هەرێمەوە، واژووی گرێبەستی پەنجا ساڵە لەگەڵ تورکەکان دەکات و هەر بە خاوەندارێتیی نەوتی هەرێمیشەوە ناوەستێت و بەو پۆستەوە، دەچێت هی کەرکووکیش لەگەڵ بەغدا، نیوە بە نیوە بەش دەکات. کەچی یەکێتی، بەپۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و پارێزگاری کەرکووکەوە، خۆیان گوتەنی، بێ ئاگان لە نەوتی هەرێمی کوردستان و بێ بەشن لە کێکە ڕەشەکەی کەرکووک“. بە گوتەی ئەو، پارتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات کە ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتی، بە وەزارەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەسفی کردووە، بەڵام: ”پێدەچێت یەکێتی هێشتا هەر کار بە مەکتەبە حزبییەکەی بکات و نەیزانیبێت، پۆستی جێگری ئەو فەرمانگە گرنگە، پشکی خۆیەتی، بۆیە هەتا ئێستاش هەر بە چۆڵی ماوەتەوە“.