عیراقى و جیهانى

پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و رۆژئاوای كوردستان جوڵه‌ ده‌كات

 

 

 

لێکۆڵەری بەناوبانگی ئەمەریکی ئەلیزا مارکوس پێیوایە، دوای ئەوەی تورکیا جەرابلووسی لە دەستی گرووپی تیرۆرستیی داعش دەرھێنا، ئەمەریکا پەیوەندیی سەربازی لەگەڵ یەپەگە سست نابێتەوە، بەڵکو ھاوکاریی زیاتری دەکات، ئەمەیش لەبەر چەند ھۆکارێک کە دیارترینیان ئەمەریکا بۆی روون بووەتەوە لە سووریا تاکە ھێز کە بتوانێت داعش لەناو ببات و شەڕی ئەوی پێ بکرێت یەپەگەیە.

ئەلیزا لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی (باس) و  (باس خەبەر) بەشی تورکی بارودۆخی ناوەخۆی سووریا ھەڵدەسەنگێنێت. ئەو پێی وانییە روسیا بە نزیکبوونەوە لە تورکیا خیانەتی لە کوردانی رۆژئاوا کردبێت، چونکە روسیا لە سووریا ھیچی پێشکەشی کورد نەکردووە تا بە خیانەت ناو ببرێت. بەڵام بە پێچەوانەوە پێیوایە ئەمەریکا توانیویەتی ھاوکارییەکی زۆری یەپەگە بکات وەکو راھێنان بە چەکدارەکانیان، پێدانی چەک و ناردنی چەندین راوێژکاری سەربازی.

ئەلیزا بە گوێرەی ئەو ھەڵسەنگاندنەی کردوویەتی، ئەمەریکا و یەپەگە وەکو جاران ھاوپەیمانی یەکترین، چونکە ئەمەریکا دەزانێت یەپەگە رۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە ناوچەکە بەرامبەر بە گرووپی تیرۆرستی داعش.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پێی وایە ئەگەر بارودۆخی رۆژئاوا بکەوێتە مەترسییەوە و رژێمی سووریا پەلاماری یەپەگە بدات، ئەوکات مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دێتە ناو ھاوکێشەکەوە و رێگە نادات رژێمی سووریا پەلاماریان بدات، چونکە ئەم ھەڵوێستەی بارزانی لە کۆبانێ دەرکەوت، کە توانی ١٥٠ پێشمەرگە بە چەکی قورسەوە بنێرێتە کۆبانێ و شان بە شانی چەکدارانی یەپەگە رووبەرووی داعش ببنەوە.