عیراقى و جیهانى

باڵه‌كانی یه‌كێتی سزای سلێمانی ده‌ده‌ن

 

 

 

هەر كێشمەكێشم ‌و ململانێ ‌و نائارامییەك لەكوردستان سەرهەڵبدات، ئەبێت چەقەكەی لەسلێمانیدا بێت، ئەم شارە كە دانیشتوانەكەی شانازی بەزیندوێتییەوە دەكەن، باجی قورسی هەڵوێستەكانی داوە.

شاری سلێمانی، كە پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی كوردستانەو ناوەندی پارێزگای سلێمانییە لەباكووری رۆژهەڵاتی عێراق، ماوەی چەند ساڵێكە بە بەردەوامی كێشەو ململانێی سیاسی تێدایەو ئەمەش كاریگەری لەسەر شارەكە لەزۆر رووەوە داناوە.

دواین كێشەی سیاسی، كە لەو شارە روویدا رۆژی 1ی ئەیلولی ئەمساڵ بوو كاتێك كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و چەند سەركردەیەكی ئەو حیزبە لەرێگەی بەیاننامەیەكەوە، باڵی "ناوەندی بڕیار"یان لەناو حیزبەكەیان راگەیاندو دژی "باڵی دەسترۆیشتووی" حیزبەكەیان وەستانەوە كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی خێزانی جەلال تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەم هەڵوێستەش بارگرژییەكی تری لەشارەكەدا دروستكردو كاری گەیاندە سەر ئەگەری جوڵاندنی هێزی چەكداری بەرامبەر یەكتر.

هەر نا ئارامییەك لەناو ریزەكانی یەكێتی نیشیتمانی كوردستاندا، بەمانای نائارامی دێت لەسلێمانیدا، چونكە ئەو شارە جێنفوزی سەرەكی یەكێتییەو تەنانەت بە"زۆنی سەوز" ناودەبرێت .

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی بە"نیقاشی گوتوه‌ هەر كێشەو ململانێیەك لەناو یەكێتی رووبدات، راستەوخۆ كاریگەی لەسەر شاری سلێمانی دەبێت‌و زۆرجار كێشەكان كاریگەری نەرێنیان لەسەر شارەكە دروستكردووە".

ئەو نائارامییەی لەچەند رۆژی رابردوو لەسلێمانی روویدا، تاكە رووداو نەبووە لەمساڵ‌و ساڵانی رابردوودا، بەڵكو ئەگەر سەیرێكی رووداوەكانی 10 ساڵی رابردوو بكرێت، دەبینرێت ساڵ نەبووە لانی كەم رووداوێكی گەورە لەهەرێمی كوردستاندا رووینەدابێت كە چەقەكەی سلێمانی بووبێت.