عیراقى و جیهانى

له‌سلێمانی به‌رنامه‌ی دوو ئیداره‌یی داده‌ڕێژرێت

 

 

 

سیاسەتمەدارێك، باس لە هەبوونی پیلانێك لە دژی ئیدارەدانی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات و پێی وایە، پیلانەكە بەشێكی بۆ دروستكردنی دوو ئیدارەییە لە هەرێمی كوردستان.

د. دیندار نەجان دۆسكی، سیاسەتمەداری كورد ڕایگەیاند: "پیلانێک هەیە بۆ ئەوەی فشار لەسەر هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دروست بێت، رەنگە پیلانەکە هەرێمی بێت، سەرجەم ئەو پیلانانە تا ئێستا وای نەکردووە کە دۆخی هەرێمی کوردستان تێکبچێت، بەڵام ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هەر پارێزگایەک نەوتی خۆی بە بەغدا بدات، لە کاتێکدا ئەم پێشنیارە دەکرێت کە ئێمە لە سەردەمی سەدام حوسێن وەک یەک هەرێم، ڕووبەڕووی هەڕەشەکان بووینەتەوە".

ئەو سیاسەتمەدارە، ئەوەشی ڕوون كردەوە: "هەر پارێزگایەک نەوتی خۆی بە بەغدا بدات، ئەمە واتای چییە؟ پارچە پارچەبوونی عێراق نییە؟، بۆیە مەبەست لەم پڕۆژەیە فشار دروستکردنە لەسەر هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتیی کوردستان، چونکە لە خەڵکیان گەیاندووە کە هەموو دۆسیەی نەوت لەدەست پارتییە، بۆیە دەیانەوێت بەم فشارە لەسەر پارتی شەرعیەت بە خۆیان بدەن، تاوەکوو سبەی لە سلێمانییەوە نەوتی خۆیان ڕەوانە بکەن، بۆیە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی نەوتی کوردستان لە دەست حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەست بەغدا بگوازرێتەوە”. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە داوا لە بەغدا کراوە، رێگا نەدات نەوتی کەرکووک لە ڕێگای بۆڕیی کوردستان بۆ بەندەرەی جیهان بڕوات، مەبەستیان ئەوەیە نەوتی کەرکووکیان بکەوێتە دەست".

دۆسكی، ئەوەی نەشاردەوە کە : "ڕێککەوتن یان هەوڵدان بۆ ڕێککەوتن لە نێوان ئیدارەی سلێمانی و بەغدا بۆ پێدانی مووچەی کارمەندانی پارێزگای سلێمانی، پێشینەیەکی ئەو قسانەیە کە ئێمە دەکەین لەو بارەوە، چونکە ئەمە مەبەست لەڕووخانی هەرێمی وکردستان و دروستکردنی دوو ئیدارییە".