هەواڵ

قوباد له‌ دایكی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌

 

 

 

قوباد تاڵه‌بانی كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانی دژی هەنگاوەكانی دایكی بیر دەكاتەوە و ناوەندی بڕیار و هەریەك لە كۆسرەت ڕەسووڵ و بەرهەم ساڵح بە بڕیاردەی یەكێتی دەزانێت.

بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ ئاشكرایكردووه‌ زۆرینەی هەرە زۆری یەكێتی لەگەڵ چەپكە گوڵەكەی مام جەلالن و جێگرانی سكرتێری گشتیش لە دوای تاڵەبانی بە بڕیاردەر و بەرپرسی یەكەم لە یەكێتی دەزانن.

هەروەها گوتویه‌تی، زۆر كەمن ئەو یەكێتییانەی لەگەڵ ئەوەدان كە ماڵی برایم ئەحمەد دەست بەسەر یەكێتیدا بگرن و تەنانەت بنەماڵەی تاڵەبانیش پەراوێز بخەن و یەكێتی تەنیا لە ماڵی برایم ئەحمەد كورت بكەنەوە.

ئاماژەی دا، قوباد تاڵەبانی كوڕی مام جەلال هەستی بەو ئاراستەیەی دایكی كردووە و لە بە بنەماڵەكردنی یەكێتیش زیاتر هەوڵ بۆ بردنە پێشەوەی ماڵی برایم ئەحمەد دەدات نەك تاڵەبانی، بۆیە لەگەڵ ئەوە نییە یەكێتی ببێتە حزبێكی بنەماڵەیی و لەگەڵ كراوەیی و هەمەڕەنگی یەكێتیدایە.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئەوەشی ڕوون كردەوە، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەو ناكۆكییانە نییە كە لە نێو یەكێتی بەهۆی قۆرخكردنی جومگەكانی یەكێتی لەلایەن دایكییەوە دروست بوونە، بۆیە بە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ پڕۆژەی ناوەندی بڕیاری جێگرانی سكرتێری گشتیدایە، بۆیە هیچ قسەیەك لەسەر ئەو بابەتە ناكات، چونكە ئەگەر قسە بكات دەبێ خۆی یەكلا بكاتەوە، لە ناوەوەش ئەو لەگەڵ ناوەندی بڕیاردایە، بۆیە خۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی لەگەڵ دایكی گەورەتر دەكات.