عیراقى و جیهانى

مالیكی به‌كوده‌تا ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست

 

 

 

گروپەكەی مالیكی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە هەوڵی لادانی وەزیرەكانن و دەیانەوێت كابینەكەی عەبادی پەكی بکەوێ؛ مالیكیش سەرپەرشتیان دەكات و دەیەوێت دووبارە دەسەڵات بگرێتەوە دەست.

(د. بێریوان خەیلانی) ئەندامە كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "گروپێك هەیە لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەوڵی قووڵكردنەوەی كێشەكان دەدەن و دەیانەوێت حكوومەتەكەی عەبادی لاواز بكەن و پەكی بخەن، بەوەی كە چەندی پێیان بكرێت وەزیرەكانی كابینەكەی عەبادی بانگێشت دەكەن و متمانەیان لێ وەردەگرنەوە و حكومەت پەك دەخەن."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكراشی كرد: "ئەوەتا وەزیری بەرگرییان بەرکنار کرد، کەچی شەڕی مووسڵمان لە پێشە! ئا بەو تەنگژە داراییەوە، وەزیری دارایییان لەکار خست! نە وەزیری ناوخۆمان هەیە نە وەزیری دارایی! ئێستاش گروپەكەی مالیكی دەیانەوێ وەزیری دەرەوە بانگێشت بكەن و متمانە لەویش وەربگیرێتەوە. لیرەدا كۆمەڵێك وەزارەتی بێ‌وەزیر و پەكخراومان بۆ دروست بووە."

(خەیلانی) ڕوونیشی كردەوە: "ئەوانەی خۆیان بە بەرەی چاكسازی ناو دەبەن لە ئەنجومەنی نوێنەران هەمووی دارودەستەی گروپەكەی مالیكین، مالیكی بە خۆی سەرپەرشتیی تەواوی كارەكان دەكات. هەڵبژاردنەكانی عێراق ساڵ و نیوێكی ماوە و لە ئێستاوە مالیكی خۆی بۆ ئامادە كردووە و لە هەوڵی لاوازكردنی عەبادیدایە بۆ ئەوەی بۆ خۆی دەسەڵات بگرێتەوە دەست و، دیسان ببێتە مایەی زیان بۆ گەلانی عێراق."