عیراقى و جیهانى

یه‌كێتی به‌فه‌رمی له‌تبونی راگه‌یاند

 

 

 

جەمیل هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ئاشكرای ده‌كات کۆبوونەوەی ڕابردووی ناوەندی بڕیار و باڵەکەی یەکێتی هیچ دەرئەنجامێکی نەبووە و چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی دیکە بکرێت، لەوە دەچێت هەمان ئەو شاندە بن کە پێشووتر کۆبوونەوەیان کردووە”.

سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی هەردوو ئاراستەکە، جەمیل هەورامی دەڵێت: “من وەک خۆم گەشبین نیم بە ڕێککەوتنی هەردوولا، چونکە کاتێک گەشبینم کە ناوەندی بڕیار بەدەست یەکێتییەوە بێت، بەڵام ئەوان ئامادە نەبن کە ناوەندی بڕیار بدەنە دەست یەکێتی و بەدەست خۆیانەوە بێت، ئیتر چۆن گەشبین بین؟ ئاستەمیشە ئاوا ڕێککەوتن بکرێت”.

جەختیشی لەوە کردەوە کە: "کاتێک راگەیاندنی یەکێتی دەکەوێتە دەست ئەوان، ئەوە بەشێکە لە قۆرخکاری، راگەیاندنیان قۆرخ کردووە، هەتا ناوەندی بڕیار نەگەڕێتەوە بۆ ئەو حزبە، دۆخەکە هەروا بەردەوام دەبێت".

جەمیل هەورامی سەرسوڕمانی خۆی نیشان دا و ئەوەی ڕوون کردەوە: “تێناگەم بۆچی ئەو ڕاگەیاندنەی ئێستای یەکێتی، بەدەست لایەنێکەوەیە و هێرش دەکاتە سەر ناوەندی بڕیار؟ لە کاتێکدا ئەوە مەترسییە، دۆخی یەکێتی ئاڵۆز دەکات".

باسیشی لەوە کرد کە ئەوان یەکێتی بە حزبی خۆیان دەزانن و لە ئایندەدا بڕیاری خۆیان دەدەن کە چی دەکەن، چونکە: “یەکێتی دابەش بووە، لەلای ئێمە و لای ئەوانیش، بە تایبەتی مەڵبەندەکان، زۆر کەسە هەیە بە قسە لەگەڵ ئەوانە، بەڵام بەدڵ لەگەڵ ئێمەیە”.