هەواڵ

ناوه‌ندی بڕیار ناچاره‌ بڕیاره‌ قورسه‌كه‌ بدات

 

 

 

ناوەندی بڕیاری یەكێتی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا رەخنە لە باڵی هێرۆ برایمی یەكێتی دەگرێ و دەڵێ دەیەوێ یەكێتی بەرەو دوولەتبوون ببات.

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەكەیە، كە پێش كەمێك لەلایەن گوتەبیژی ناوەندی بڕیاری یەكێتیی نیشتمانی كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە:

چاوەڕوان نەدەكرا لەم دۆخە ھەستیارەی ناوخۆی یەكێتییدا، ھەوڵی ئەوە بدرێت كۆبونەوە بەناوی مەكتەبی سیاسی بەبێ ئامادەبونی جێگرانی سكرتێری گشتی و ژمارەیەك لەھەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی ئەنجامبدرێت، كەببێتە هۆكارێك بۆ زیاتر لەیەكترازان و پەرتەوازەكردنی ریزەكانی یەكێتی.
كەچی بەداخەوە بەدەر لەچاوەڕوانی جەماوەری یەكێتی و بێگوێدانە پرەنسیپ و بنەمای كاركردنی حزبیانە، بگرە بەپێشلكردنی پەیڕەوی ناوخۆش پەنایان بۆ كۆبونەوەیەكی ناوەختی بەناو مەكتەبی سیاسی برد.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌: ئایا راستە ئیرادەیەكی خۆسەپێن، بێ رەچاوكردنی بنەما دەستوریەكانی یەكێتی و بۆ مەبەستی پەردەپۆشكردنی كێشە ناوخۆیەكان و نواندنی خەمساردی سەبارەت بەكێشە سەختەكانی كوردستان، كۆبونەوەیەكی بڕیار پێنەدراو ئەنجامبدەن و دور لەھەر بەرپرسیارێتیەك ، یەكێتیەكەتان ، حزبی شەھیدان و چەپكە گوڵەكەی جەنابی مام جەلال بەرەو دوو لەتبونی مسۆگەر تاوبدەن و بگرە زیاتر یەكێتیەكەمان بگلێننە سیاسەتە ھەڵەكانی رابردو كە قەیران لەدوای قەیران و بڕینی مووچەو بارقورسی بژێوی ھاوڵاتیانی لێ كۆتۆتەوە.

بۆیە لێرەوە دوپاتی دەكەینەوە كەئێوە بەم ھەنگاوە تاكلایەنە دەتانەوێت یەكێتی بەرەو پەراوێزخستن و پەرتەوازەیی زیاتر ببەن. خۆتان لەچارەسەری راستەقینەی كێشەكان بدزنەوە، كەخواستی ھەموو یەكێتیەكانە و دەرگاكانی گفتوگۆو رێكەوتن دابخەن.