هەواڵ

ئێران سه‌ربازگه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ دروست ده‌كات

 

 

 

سوپای پاسدارانی ئێران" به‌ڕه‌زامه‌ندی وه‌رگرتنی یه‌كێتی بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ چه‌مچه‌ماڵ دروست ده‌كات و نه‌خشه‌ و پلانسازی ئه‌و بنكه‌یه‌ش ته‌واو بووه‌, شاره‌زایه‌كی سه‌ربازیش ئاشكرای ده‌كات، ئێران به‌دروستكردنی ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییه‌ هه‌ژمونی خۆی له‌ناوچه‌كه‌و له‌ عێراق فراوانتر ده‌كات به‌وه‌ی ئاسانكاری بۆ ده‌كات له‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی نه‌یاره‌كانی و هه‌روه‌ها ده‌ستێوه‌ردانی زیاتر له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان..

به‌پێی زانیارییه‌كانی ره‌وش پۆست ئێران له‌ ناوچه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ و پاریزگای كه‌ركوك سه‌رقاڵی رووپێوكردنه‌ بۆ دروست كردنی سه‌ربازگه‌یه‌ك و له‌ مانگی رابردوو تیمه‌كانی سه‌ربازی و ئه‌ندازیاری سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانی ئێران به‌نهێنی هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ و  نه‌خشه‌ و پلانسازیان ته‌واو كردووه‌. ئه‌م بنكه‌ سه‌ربازییه‌ی ئێران به‌ ره‌زامه‌ندی یه‌كێتی بووه‌ و باڵی ناوه‌ندی بڕیاریش ته‌ئكید ده‌كه‌نه‌وه‌" ئه‌وان ئاگاداری ئه‌و شته‌ نین" ته‌نیا باڵی قۆرخكاری یه‌كێتی ئاسانكاری بۆیان كردووه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌ شاره‌زایه‌كی سه‌ربازیی تایبه‌ت به‌ ره‌وش پۆست ئاشكرای ده‌كات، كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازیی ئێران له‌ ژێر نفوسی یه‌كێتیدا كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر دۆخی ئه‌منی و ئارامی ناوچه‌كه‌ ده‌بێت، هه‌روه‌ها ئێران له‌م رێگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات هه‌ژمونی سیاسی و عه‌سكه‌ری خۆی به‌سه‌ر سلێمانی و عێراقدا بسه‌پێنێت، ئه‌مه‌ش ده‌ستێوه‌ردانێكی تره‌ له‌كاروباری وڵاتێكی تر، هه‌روه‌ها ئاسانكاری بۆ ئێران ده‌كات تا به‌ ئاسانی له‌ناوچه‌كه‌ ته‌راتێن بكات و وه‌ك كارتێكی فشاریش له‌دژی هه‌ر لایه‌ن و وڵاتێك به‌كاری بهێنێت كه‌ بیه‌وێ زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تاران بگه‌یه‌نێت.