هەواڵ

خه‌لیفه‌كه‌‌ی داعش له‌ پێشمه‌رگه‌ تۆقیوه‌

 

 

 

پاش دوو ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ركه‌وتووی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و گرتنه‌وه‌ی چه‌ندین گوندو ناحیه‌و ناوچه‌ی ستراتیژی سه‌ربازیی، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی تووشی داڕمانی ده‌روونی بوه‌و به‌ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی داعشی راگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر بتوانین پێشره‌وییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ رابگرین ئه‌وا سوپای عێراق هیچ نیه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی ره‌وش پۆست كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی شاری موسڵه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوه‌، ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی خه‌لیفه‌ی تیرۆریستانی داعش له‌دوایین كاردانه‌وه‌یدا سه‌باره‌ت به‌ له‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌ك گوند و ناوچه‌ی ستراتیژی و ئازادكردنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ نیگه‌رانی و توڕه‌یی خۆی نیشانداوه‌ رایگه‌یاندوه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ جه‌ربه‌زانه‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش توانای به‌رگریمان نه‌ماوه‌، به‌ڵام بۆ سوپای عێراق هه‌موو شتێكیان به‌رامبه‌ر ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندوه‌: ئه‌گه‌ر پێشڕه‌وی پێشمه‌رگه‌ رابگیرێت، سوپای عێراق هه‌رگیز پێشڕه‌وی ناکات. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی خواستی به‌غدادی، پێشمه‌رگه‌ ئه‌و سنوره‌ی بۆی دیاری کرابوو، گرتیه‌وه‌ و داعش شکا.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی دووپاتكردۆته‌وه‌ كه‌ ئێستاكه‌ به‌غدادی له‌ موسڵ سه‌رپه‌رشتی رێکخستنه‌وه‌ی چه‌کدارانیه‌تی، دوای ئه‌و شکستانه‌ی توشیان بوو له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه.

به‌بڕوای چاودێرانی سیاسی و پێشبینیه‌كانیان بۆ ئاینده‌ی ده‌وڵه‌ته‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی داعش و خه‌لیفه‌كه‌ی، چاودێرانی ئه‌منی کوردی و ئه‌مریکی، پێیانوایه به‌غدادی له‌ موسڵ ده‌کوژرێت یان خۆی حه‌شار ده‌دات بۆماوه‌یه‌ک، تا ده‌ستگیر ده‌کرێ, به‌ یه‌كێك له‌و دوو ئه‌گه‌رانه‌ كۆتایی به‌ حوكمڕانی و ده‌وڵه‌ته‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی داعش له‌هه‌ردوو وڵاتی عێراق و سوریا دێت..