هەواڵ

پشكی مالیكی له‌ چاڤیلاند ئاشكرا ده‌كه‌ین

 

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، داوا لە بانکی بازرگانیی عێراقی کراوە کە بڕی ٨٧ ملیۆن دۆلار بە قەرز بداتە کۆمپانیای چاڤی، پارێزەرێکی خاوەن پشکەکانی چاڤی لاندیش ئاشکرای دەکا، لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە تەنیا بڕی ٣٠ ھەزار دینار دراوەتە خاوەن پشکەکان.

بەپێی نووسراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالیکی، کە لە ٤ی ٦ی ٢٠١٤ دەرچووە و کۆپییەکی نووسراوەکەش دەست (باس) کەوتووە، تیایدا د. حامد خەلەف، بەرپرسی نووسینگەی مالیکی واژۆی کردووە، نووسراوەکە بۆ بەرپرسی بانکی بازرگانیی عێراقی ناردراوە و تیادا داواکراوە بڕی ٨٧ ملیۆن دۆلار بدرێتە کۆمپانیای چاڤی.

وەکو لە نووسراوەکە ئاماژەی بۆ کراوە، کۆمپانیای چاڤی بە نووسراوی ٦٤١ لە ٢٥ی ٥ی ٢٠١٤  داوای لە نوری مالیکی کردووە بە پێدانی ئەو قەرزە و نوری مالیکش لە نووسراوەکەیدا رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر خەرجکردنی ٨٧ ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیاکە.

رێباز حەمەرەشید، پارێزەری بەشێک لە خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوان سکاڵای یاساییان لە دادگای بەرایی سلێمانی تۆمار کردووە، لەبەرئەوەی تا ئێستا بۆ ساڵێک بۆ ھەر ملیۆنێک دینار تەنیا ٣٠ ھەزار دینار دراوە، گوتیشی: "ئەو پارەیە تەنیا بۆ ساڵی ٢٠١٣ بووە، ئەمساڵ گوتیان قازانج دەدەین، بەڵام ھیچ دیار نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێ کارت بدەن بە خاوەن پشکەکان کە ئەوەش ھەمدیسان فێڵێکە لە خاوەن پشکەکان دەکرێ، گوتوویانە ٥٠ ھەزار دەدەین و ٣٠ ھەزار کارتی چاڤی لاند دەدەین".

ئەو پارێزەرە راشی گەیاند، خاوەن پشکەکان ئەوەیان رەت کردووەتەوە کە کارت وەربگرن، بەڵام ئەو کۆمپانیایە گوێ بە یاسا نادات، گوتیشی: "خاوەن پشکەکان نزیکەی ١٠ ھەزار ھاوپشک دەبێت و ئەو پارەیەی کە دراوە زیاترە لە ٣٠ ملیار دینار".