هەواڵ

كۆبوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌و پاسداران له‌ سلێمانی ئاشكرا ده‌كه‌ین

 

 

 

قاسم سولەیمانی لە دوا سەردانیدا بۆ سلێمانی چاوی بە جەمیل بایک، ھاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) كه‌وتووه‌ و داوای لێ كردووه‌ (په‌كه‌كه‌) به‌شداری له‌ شه‌ڕی موسڵدا بكات.

سەرچاوەیەکی سەربازیی ئەگادار لە سلێمانییەوە رای گەیاند، قاسم سولەیمانی لە دوا سەردانیدا بۆ شاری سلێمانی چاوی بە جەمیل بایک، ھاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (كه‌جه‌كه‌) کەوتووە و بە فەرمی داوای کردووە گەریلاکانی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال به‌شداری له‌ گرتنه‌وه‌ی موسڵ بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ر به‌وه‌ش ئێران پشتیوانی چه‌ك و پاره‌یان بۆ زیاد ده‌كات. 

سەرچاوەکە ئەوەشی روون کردەوە کە قاسم سولەیمانی لەبەرامبەر بەوە بەڵێنی ھاوکاریی تەواوی داوە بە جەمیل بایک و پەکەکە و گوتوویەتی کە ئەوان پێیان وایە دەبێت پەکەکە دەوری مەیدانیی زیاتریان ھەبێت لەو ململانێیانەی کە ئێران ھەیەتی لە ناوچەکەدا.

ھەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئەم دیدارەی قاسم سولەیمانی لەگەڵ جەمیل بایک، دوای ئەوە ھاتووە کە چەند لایەنێک لە حکوومەتی عێراق کارئاسانییان بۆ ئەوە کردووە کە پارتی کرێکارانی کوردستان، بارەگا و بنکەی سەربازی لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی تری عێراقدا بکاتەوە، ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی لە ململانێی ئێران - عێراق لەبەرامبەر تورکیا، پەکەکە وەکو کارتێکی فشار بەکار بھێنرێت.

لای خۆیەوە، دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە، نزیکەی دوو ھەزار شەڕڤانیان بۆ شەڕی مووسڵ ئامادە کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش داواکارییان پێشکەش بە ھێزەکانی ھاوپەیمانان و عێراق کردووە بە مەبەستی بەشداریکرن لە شەڕی مووسڵدا و دەیانەوێت ڕۆڵێکی چالاک بگێڕن. دیار گوتیشی:"ئەگەر ئەو ھێزە تورکییەی لە باشیک و ھەرێمی کوردستان جێگیر بووە نەکشێتەوە، ئەوا ئەگەری ھەڵگیرسانی شەڕێکی تائیفی و ئیقلیمی ھەیە.