هەواڵ

بيرۆكه‌ی كانتۆنی سلێمانی سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌

 

 

 

پێشنیازێکی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی و گۆڕان ئاشکرا دەبێ، کە داوایان لە عێراق کردووە بەشێوەی سیستەمی کانتۆنی مامەڵە لەگەڵ زۆنی سەوزدا بکات، بەڵام ناوەندی بڕیاری یەکێتی خۆی لەو پێشنیازە بێ بەری دەکات.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەوەی ئارام شێخ محەمەد و ھەندێک پەرلەمانتاری تری گۆڕان و یەکێتی سەبارەت بە وابەستەکردنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە بەغداوە لەناو خۆپیشاندەرانی سلێمانی خستیانە ڕوو، پڕۆژەیەکە پێشتر ھەریەکە لە ئارام شێخ محمەد و ئاڵا تاڵەبانی لەگەڵ مالیکی و دەوڵەتی یاسا لەسەری رێک کەوتوون و ئێستا دەیانەوێ خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بۆ ئەو مەرامە سیاسییە وەسوود بھێنن.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، مالیکی بەڵێنی بەو باڵەی یەکێتی و گۆڕان داوە، ئەگەر ئەوان ھەوڵ بدەن لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٧دا ئەوە وەکو بڕگەیەک پێشنیار بکەن کە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان راستەوخۆ ببەستنەوە بە بەغدا، ئەوا دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمان ھەموو ھەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ لەپێناو ئەوەی کە دەنگی پێویستی لەسەر بدرێت.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، بەستنەوەی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە بەغداوە، سەرەتا پرۆژەی گۆڕان بووە، باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیش جگە لە مەلا بەختیار و چەند سەرکردەیەکی ئەو باڵە، لایەنگرییان بۆ کردووە.

ھەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، یەکێک لە ھۆکارەکانی دەرکردنی بەیاننامەکەی ناوەندی بڕیار لە ١-٩دا ناڕەزایی ئەوان بووە لەبەرامبەر ئەو پرۆژەیەدا کە یەکێتی و گۆڕان ھەیانبووە بۆ بەستنەوەی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان راسەوخۆ و ھەریەکە بەجیا بە بەغداوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو پرۆژەیە سەرەتا لەنێوان گۆڕان و پەکەکە پلانی بۆ دانراوە و بۆ ئەو مەبەستەش قادری حاجی عەلی، بە نوێنەرایەتیی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا، چەندین جار چووەتە قەندیل و لەگەڵ جەمیل بایکدا لەسەر ئەو پرسە قسەیان کردووە و رێک کەوتوون.

سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە پەکەکە ھانی گۆڕانی داوە لەگەڵ یەکێتیدا ڕێک بکەون، کە لەجیاتی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان وەکو رۆژئاوا سیستمی کانتۆن پەیڕەو بکەن  و ھەر پارێزگایەش کانتۆنێکی سەربەخۆ بێت.