هەواڵ

هێرۆ دوژمنه‌كانی دوورده‌خاته‌وه‌

 

 

 

باڵی قۆرخكاری یەکێتی دەیەوێ لە رێگەی دوورخستنەوەی بەرھەم ساڵح لە ھەرێمی کوردستان و پێدانی پۆستێک لە بەغدا، ئەو سەرکردەیەی یەکێتی لە ناوەندی بڕیار لە کۆسرەت رەسووڵ دوور بخاتەوە، وتەبێژی ناوەندی بڕیارییش جێبەجێکردنی ٩ خاڵەکە بە مەرجی سەرەکی دەزانێ. گفتوگۆ و دانوستانەکان لەنێوان ھەر دوو باڵەکەی یەکێتی بەردەوامییان ھەیە و بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگادار، باڵی قۆرخكار یەکێتی لەم گەڕەی دانوستانەدا ئامادەیە زیاتر ببەخشێت.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، دوای گەڕانەوەی باڵی قۆرخكاری یەکێتی لە ئێران، ئەو باڵەی یەکێتی نەرمیی زیاتر دەنوێنێت و لە کۆبوونەوەکانی نێوانیان قسە لەسەر ئەوە کراوە کە پۆستەکەی د. فواد مەعسوم لە بەغدا بە بەرھەم ساڵح بدرێ، ئەوەش لەکاتێکدایە پێنەدانی ئەو پۆستە لەکاتی خۆی بە بەرھەم ساڵح لەلایەن باڵی قۆرخكاری یەکێتییەوە، درزی نێوان ئەو دوو باڵەی زیاتر کردووە.

سەرچاوەکە روونی کردەوە، ئێرانییەکان بە سەرکردەکانی باڵی قۆرخكاری یەکێتییان گوتووە ئەگەر بێت و پێشتر ئەو پۆستەتان دابوایە بەرھەم ساڵح و لە کۆسرەت رەسووڵ دوور خرابوایەوە، دۆخی یەکێتی بە ئێستا نەدەگەیشت. بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لە کۆبوونەوەی ھەردوو باڵەکەی یەکێتی، باس لەوە کراوە پۆستێکی سیادی یان پۆستی د. فواد مەعسوم بدرێتە بەرھەم ساڵح، بەڵام رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەو پرسە نەکراوە.

بە گوتەی سەرچاوەکە، لە کۆبوونەوەکانی ھیرۆ ئیبراھیم و کۆسرەت رەسووڵ لە چەند رۆژی رابردوودا، ھیرۆ ئیبراەیم نەرمیی بۆ کۆسرەت رەسووڵ نیشان داوە بەوەی تا کۆنگرە دەتوانێ مومارەسەی دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتیی یەکێتی بکات، بەمەرجێ ناوەندی بڕیار ھەڵوەشێنێتەوە و لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەیی ھەبێت، بەڵام کۆسرەت رەسووڵ داوای کردووە ئەو پرسە بە رێککەوتنی نێوان ھەردوو باڵەکە یەکلا بکرێتەوە و ئەو ٩ خاڵەی پێیان داون خاڵ بە خاڵ رێککەوتنیان بۆ بکرێت، ئەوەش ھێشتا دانوستانی لەسەرە.

پێشتر باڵی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، لە بەیاننامەی راگەیاندنی خۆی وەکو مینبەرێکی سەربەخۆ، ٩ خاڵی بۆ باڵەکەی دیکەی یەکێتی خستە ڕوو کە گرنگترینیان یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی بەڕێوەبردنی یەکێتی بوو لە ڕێگەی کۆنگرەیەکی شەرعی و دوور لە تەزویر، ھەروھا دوورخستنەوەی دەستێوەردانی دەزگا ئەمنییەکان لە کێشەکانی یەکێتی و شەفافبوون لە دارایی یەکێتی و پابەندبوون بە مافی چارەی خۆنووسین و ڕێزگرتن لە بڕیاڕی گەل بە ئاڕاستەی بەدیھێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی دابەشکردنی کوردستان بەسەر ئەجێندا و بەرنامەی وڵاتانی ئیقلیمی و جیھانیدا.