هەواڵ

رێكه‌وتنه‌كه‌ی سلێمانی بۆ ساڵێك سڕ ده‌كرێت

 

 

 

هەڵسووڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە کرد کە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جێبەجێ نەکراوە، سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵاش له‌ ناو یه‌كێتی ئاشكرای ده‌كات، به‌مه‌به‌ستی دروست نه‌بونی هیچ كێشه‌و ئاڵۆزییه‌ك له‌نێوان گۆڕان و یه‌كێتیدا به‌تایبه‌تی بۆ پرسی پارێزگاری سلێمانی، هه‌ردوولا به‌باشیان زانیوه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ لۆكاڵیه‌ی له‌ناوه‌ڕاستی مانگی حه‌وتی ئه‌مساڵ ئیمزایان له‌سه‌ر كردووه‌ بۆ ساڵێك سڕ بكرێت و هیچ كارێكی له‌سه‌ر نه‌كرێت.

عەبدولرەحمان موهەندیس، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، لە نووسینێکدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: "شەش مانگ بەسەر واژۆكردنی ڕێکكەوتنی دەباشان تێپەڕی، بەڵام لەبەر کۆمەڵێک هۆكار و بەرژەوەندیی تایبەت و شەخسی، جێبەجێ‌ نەكرا، ئەگەر وا بڕوات، گومانی تێدانیە لە داهاتووش جێبەجێ‌ ناكرێت”.

ڕوونیشی کردووەتەوە: "ڕێكەوتنەكە نە گەرەنتی تێدایە، نە بە لێژنە و لێژنەكاری ناوەڕۆکی ڕێكەوتنەكە جێبەجێ‌ دەكرێت، تەنیا بە میكانیزمی پێكهێنانی چەترێكی سیاسیی هاوڕەنگ و هاودەنگ، لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی، یان بە یەكگرتنی یەكێتی و گۆڕان وەك یەك حیزب، دەتوانرێت قەوارەیەكی سیاسیی گەورە و كاریگەر و هاوسەنگ لە گۆڕەپانی سیاسیدا دروست بكرێت، ئەوسا لەبەر ڕۆشنایی واقیعە نوێیەكە و ماددە و بڕگەكانی ڕێكکەوتنەكە، دەست بكرێت بە گفتوگۆ و ڕێكکەوتنی ڕیشەیی و شەراكەتی ڕاستەقینە لەگەڵ پارتی دیموكراتیی كوردستان".

له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵاش له‌ ناو یه‌كێتی ئاشكرای ده‌كات، به‌مه‌به‌ستی دروست نه‌بونی هیچ كێشه‌و ئاڵۆزییه‌ك له‌نێوان گۆڕان و یه‌كێتیدا به‌تایبه‌تی بۆ پرسی پارێزگاری سلێمانی، هه‌ردوولا به‌باشیان زانیوه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ لۆكاڵیه‌ی له‌ناوه‌ڕاستی مانگی حه‌وتی ئه‌مساڵ ئیمزایان له‌سه‌ر كردووه‌ بۆ ساڵێك سڕ بكرێت و هیچ كارێكی له‌سه‌ر نه‌كرێت.