هەواڵ

مه‌لا به‌ختیار: گۆڕان ده‌خرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌وه‌

 

 

 

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی یه‌كێتی نیشتمانی له‌میانی لێدوانێكیدا بۆ ژماره‌یه‌ك گه‌نج كه‌ سه‌ردانی كردون، له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی نوێی حكومه‌ت، رایگه‌یاندوه‌: یه‌كێتی نیشتمانی به‌ته‌واوی پاڵپشتی ئه‌و هه‌وڵه‌ ده‌كات و پێمانوایه‌ ده‌رفه‌تی به‌شداریكردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و كابینه‌یه‌دا له‌كیس چوه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ گۆران له‌ دوو ساڵی به‌شداریكردنیان له‌ حكومه‌تدا نمونه‌یه‌كی جوانیان پێشكه‌ش نه‌كردوه‌.

مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی یه‌كێتی نیشمانی له‌میانی گفتوگۆیه‌كی كراوه‌دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كادیری حزبه‌كه‌ی له‌شاری سلێمانی به‌ئاشكرا رایگه‌یاندوه‌، یه‌كێتی نیشتمانی له‌ماوه‌كانی رابردوودا به‌ هه‌ڵه‌ بیری كردۆته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا بچینه‌وه‌و توندوتۆڵتری بكه‌ین، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی نوێی حكومه‌تی زۆرینه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئاشكرایكردووه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌ت، ده‌رفه‌تێكی زێڕینی به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دا بۆ ئه‌وه‌ی كاری باش بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ مه‌رامی تر قۆسته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ به‌بێ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ كابینه‌یه‌كی نوێ پێكده‌هێنرێت و ئه‌وكات ته‌نها رێگه‌ له‌به‌رده‌م بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا مابێته‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنیه‌.