هەواڵ

یه‌كێتی ئاماده‌یه‌ به‌بێ گۆڕان حكومه‌ت پێكبێته‌وه‌

 

 

 

یه‌كێتی نیشتمانی ره‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ به‌بێ به‌شداری پێكردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێم كابینه‌یه‌كی نوێ پێكبهێنرێت، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی بڕگه‌یه‌كی رێككه‌وتنه‌كه‌ی سلێمانی نێوانیانه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕاندا.

سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتی نیشتمانی تایبه‌ت به‌ ره‌وش پۆستی راگه‌یاند: یه‌كێتی نیشتمانی پێشوازییه‌كی گه‌رم له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان به‌سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات و پێیوایه‌ ته‌نها ده‌ره‌چه‌یه‌ك مابێته‌وه‌ بۆ گفتوگۆو گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی، ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌یه‌، بۆیه‌ ئاماده‌یه‌ به‌بێ به‌شداری پێكردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كابینه‌ی داهاتوودا، یه‌كێتی به‌شداری كارا بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی بۆ ره‌وش پۆست ئاشكراكردووه‌، یه‌كێتی بڕیاریداوه‌ تاكلایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بچێته‌ گفتوگۆیه‌كی چروپڕه‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی له‌كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تدا وه‌ریده‌گرێت و هه‌وڵی زۆریش ده‌دات له‌گه‌ل پارتیدا وه‌ك پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و رۆڵه‌ ببینێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م بڕیاره‌ تاكلایه‌نه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی ته‌واو دژی رێككه‌وتنه‌ لۆكاڵیه‌كه‌ی سلێمانیه‌، به‌ڵام یه‌كێتی ناچاره‌ بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له‌پێشوودا ئه‌نجامیداوه‌، ئه‌م رێوشوێنه‌ بگرێته‌ به‌ر و گوێ به‌و رێككه‌وتنه‌ نه‌دات كه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕاندا ئیمزایانكردووه‌.