هەواڵ

بارزانی: له‌سه‌ربه‌خۆیی په‌شیمان نابینه‌وه‌

 

 

 

به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیمانه‌یه‌كدا لەبارەى پرسی سەرۆکایەتى هەرێمەوە ڕایگەیاند، ئامادەنییە لە پێناو خۆیدا دەستکارى یاسا بکات و دەڵێت ئامادەیە دەستبەردارى پۆستەکەى ببێت ئەگەر لایەنەکان لەسەر کەسێک ڕێکبکەون بۆ شوێنەکەى.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی فارسی، کە ئێوارەى ئەمڕۆ ٢٩ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ پەخشکرا، به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند دوو ساڵ پێش ئێستا ڕایگەیاندووە، ئەگەر کەسێک بۆ پۆستەکەى دەستنیشانبکرێت ئەوا ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم ببێت.

وتیشی، تا ئەو کاتەى لایەنەکان کەسێک بۆ سەرۆکی هەرێم دیاریدەکەن ئەو لەسەر بڕیارەکەى ئەنجومەنى شورا لە پۆستەکەى بەردەوام دەبێت، بۆئەوەى بۆشایى یاسایى دروست نەبێت.

سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی کوردستان، بارزانی دووپاتیکردەوە، هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگە لە بڕیاری ئەوان بگرێت بۆ سەربەخۆیی و وتیشى، ئەو پرسە دەبێت بە ڕێگایەکی ئاشتیانە بێت بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەغدا هەندێک دانوستانیان کردووە و باش چوونەتە پێشەوە.

ڕاشیگەیاند، جاران بەغدا ئامادەنەبوو گوێیان لێبگرێت، ئێستا ئامادەیە گوێیان لێبگرێت لەسەر ئەو پرسە و ئەگەر بەغدا دژیشى بێت، پەلەیان نییە و ئەگەر دژیشى نەبن ئەوا هەر پەلەیان نییە، بەڵام ڕیفراندۆم هەر دەکەن و بەردەوام دەبن لە هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی.

لەبارەى ڕێگریکردن لە سەرۆکی پەرلەمان، بارزانی لەو چاوپێکەوتنەدا وتوویەتی، ئەوان خیانەتیان لەو ڕێککەوتنە کرد کە لە  نێوانیاندا هەبوو کە حکومەتى لەسەر پێکهێنراوە، لەبەرئەوەش نابێت ئەو سەرۆک پەرلەمانە بەردەوام بێت کە بەدەنگى ئێمە بوەتە سەرۆکى پەرلەمان و با کەسێکى تر دیاریبکرێت.