هەواڵ

هێرۆ گورزێك له‌ ناوه‌ند ده‌وه‌شێنێ

 

 

 

به‌رهه‌م ساڵح، یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانى ناوه‌ندى بڕیارى یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستان، له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌كه‌وه‌ په‌راوێز ده‌خرێت و ماوه‌ى زیاتر له‌ دوو مانگیشه‌ به‌رهه‌م ساڵح هیچ جۆره‌ ده‌ركه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ ناوه‌ندى بڕیاردا نه‌بووه‌.

به‌هۆى قووڵبوونه‌وه‌ى كێشه‌كانى ناو یه‌كێتییه‌وه‌، یه‌كى ئه‌یلوولى ساڵى ڕابردوو، ناوه‌ندى بڕیار به‌ سه‌ركردایه‌تیى كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لى و به‌رهه‌م ساڵح، جێگرانى سكرتێرى گشتیى یه‌كێتى و ژماره‌یه‌ك مه‌كته‌ب سیاسی و سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیى نیشتمانى ڕاگه‌یه‌نرا، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كى نۆ خاڵیدا ئاماژه‌یان به‌ كێشه‌كانى خۆیان له‌ناو یه‌كێتى دا و ئاشكرایان كرد، بڕیاره‌كانى داهاتووى یه‌كێتى، ناوه‌ندى بڕیار ده‌یاندات، به‌ڵام هه‌رزوو باڵى زۆرینه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتى به‌رپه‌رچى ئه‌و ناوه‌نده‌ى دایه‌وه‌ و ڕایان گه‌یاند، بڕیارى یه‌كێتى بڕیارى زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسییه‌ كه‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، هاوسه‌رى جه‌لال تاڵه‌بانى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات. 

ئه‌گه‌رچى زۆر نێوه‌ندگیرى هه‌بوون بۆ لێك نزیككردنه‌وه‌ى ئه‌و دوو باڵه‌ى یه‌كێتى، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان سوودیان نه‌بوو، به‌ڵام به‌ نێوه‌ندگیریى پاڤێڵ تاڵه‌بانى كوڕى جه‌لال تاڵه‌بانى، له‌ ئێسته‌دا چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دووقۆڵى له‌ نێوان كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كراون و هاوكات كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى حزبه‌كه‌ى كرد، ئه‌وه‌ش به‌ په‌راوێزخستنى به‌رهه‌م ساڵح له‌و ناوه‌نده‌دا ئه‌ژمار ده‌كرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگه‌دار له‌ كێشه‌ ناوخۆیییه‌كانى یه‌كێتیى نیشتمانى به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، "هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌یه‌وێت به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت شكست به‌ ناوه‌ندى بڕیار بێنێت، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌وڵى رازیكردنى كۆسره‌ت ره‌سووڵ ده‌ده‌ن، چونكه‌ به‌ هه‌ر ترازانێك له‌ نێوان كۆسره‌ت ره‌سووڵ و به‌رهه‌م ساڵح، خۆبه‌خۆ ناوه‌ندى بڕیار له‌ به‌رامبه‌ر باڵى ده‌ستڕۆیشتوو، لاوازتر ده‌بێت".