هەواڵ

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی لاهور له‌ كۆیه‌ كۆتایی دێت

 

 

 

زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ندێكی گه‌رمیان له‌لایه‌ن دژه‌ تیرۆر ڕفێنراوه‌ و دوێنێ هه‌ینیش ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ندێكی تر له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ حزبییه‌وه‌ ڕفێنرا، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ململانێكانی نێو یه‌كێتی چوونه‌ته‌ قۆناغێكی مه‌ترسیدار و هێزی دژه‌ تیرۆر بۆ‌ ئامانجی بچووككردنه‌وه‌ی پێگه‌ی باڵه‌كانی نێو حزبه‌ و ململانێی بنه‌ماڵه‌یی و كه‌سی به‌كار ده‌هێنرێت.

زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ندی 11ی گه‌رمیانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لوقمان حه‌مه‌عه‌لی له‌لایه‌ن دژه‌ تیرۆری یه‌كێتییه‌وه‌ ڕفێنراوه‌ و تا ئێسته‌ چاره‌نووسی دیار نییه‌. دوێنێ هه‌ینیش دژه‌ تیرۆری ئه‌و حزبه‌ ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ندێكی تری ڕفاند به‌ناوی " محه‌مه‌د حه‌مه‌ساڵح" تا ئێسته‌ هیچ كه‌سیش سۆراغی ئه‌و ئه‌ندام مه‌ڵبه‌نده‌ نازانێت.

پێشتر مه‌حموود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌و حزبه‌ له‌ سه‌ر ڕفاندنه‌كانی دژه‌ تیرۆر بۆ "وشه‌" گوتی، پێویسته‌ مه‌كته‌بی ڕێكخستن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بێته‌ ده‌نگ.

به‌ڵام تا ئێسته‌ مه‌كته‌بی ڕێكخستن و مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی هیچ هه‌ڵوێستێكیان نه‌بووه‌.

هاوكات شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌و حزبه‌ به‌"وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، كه‌ ئیشی دژه‌ تیرۆر نییه‌ ئه‌و كاره‌ بكات و به‌كارهێنانی هێزیش بۆ ململانێی حزبی و سیاسی جێگه‌ی قبووڵكردن نییه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی ره‌وش پۆست، مه‌كته‌بی سیاسی و ڕێكخستن له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌تی ڕفاندنه‌ی دژه‌ تیرۆر ئاگه‌دارن، به‌ڵام بێ ده‌نگن و هیچ هه‌ڵوێستێكیان نییه‌.

زانیارییه‌كان ئاشكرای ده‌كه‌ن، ئه‌و دوو ئه‌ندام مه‌ڵبه‌نده‌، ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ی زانیاری و دژه‌ تیرۆری یه‌كێتییه‌وه‌ ڕفێنراون و دوێنێش له‌ كاتی ڕفاندنی دووه‌م ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیان، هێزه‌كه‌ی دژه‌ تیرۆر وه‌ك تیرۆریست مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌ندام مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ كردووه‌ و گونیه‌یان كردووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌ندام مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ و ڕفاندوویانه‌.