عیراقى و جیهانى

ئێران دڵنیایی له‌ كورد ده‌وێ

 

 

 

ئەندامێكی شاندی یەكگرتوو، كە هەفتەی رابردوو سەردانی ئێرانیان كرد، ئاشكرایكرد لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی باسی سەربەخۆیی كوردستانیان كردووەو ئەوانیش پێیانڕاگەیاندوون "دەبێت‌ هەرێمی كوردستان دڵنیایی بداتە ئێران، كە سەربەخۆییەكەی نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئێران، ئەوكات تەفەهومی دەكەن".

هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی‌و جەماوەری یەكگرتوو، كە یاوەری شاندەكەی بووە لەو سەردان‌و كۆبوونەوانە، بۆچوونی ئێرانییەكان لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان ئاشكرادەكات‌و دەڵێت "من راشكاوانە وتم ئەگەر بەغدا پابەندی دەستوور نەبێت‌، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی پەنا بۆ بژارەی دیكە ببات، بەتایبەتی سەربەخۆیی".

هادی عەلی بۆ هەفتەنامەكە ئاشكراشیكرد، كە ئەوانیش وتیان "ئەگەر بابەتەكە بەئاشتی بكرێت، سەربەخۆیی كوردستان نەبێتە هەڕەشە لەسەر ئێران، ئەوان تەفەهومی دەكەن، بەڵام ئەوەی هەستمانپێكرد ئەوان دڵنیانین، بۆیە چاوەڕێی دڵنیایی دەكەن".