عیراقى و جیهانى

ئه‌مه‌ریكا بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ موسڵ جێگیر ده‌كات

 

 

 

سوپای‌ ئه‌مریكا هێزی‌ زیاتر ره‌وانه‌ی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا ده‌كات، فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراقیش ده‌ڵێن: ئه‌مریكا پلانی‌ داڕشتوه‌ بۆ بنیاتنانی‌ بنكه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ له‌ باشوری‌ شاری‌ موسڵ.

ئیداره‌ی‌ واشنتۆن جه‌ختی‌ له‌وه‌ كردۆته‌وه‌، هێزی‌ زیاتر ره‌وانه‌ی‌ عێراق ده‌كه‌ن، به‌مه‌به‌ستی‌ هاوكاریكردنی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌، بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر تیرۆردا.
فه‌رمانده‌كانی‌ سوپای‌ ئه‌مریكا وتویانه‌: هێزه‌كانیان له‌ ڕووی‌ راوێژ‌و پێشكه‌شكردنی‌ زانیاریی‌ هه‌واڵگریی‌‌و به‌شداریكردن له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كاندا، هه‌موو جۆره‌ پشتیوانییه‌ك له‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ شه‌ڕی‌ رزگاركردنی‌ شاری‌ موسڵدا، كه‌ به‌پێگه‌ی‌ سه‌ره‌كیی‌ داعش داده‌نرێت له‌ عێراقدا.
فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق ئاشكرایان كردوه‌، ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ سوپای‌ ئه‌مریكا، هێز‌و كه‌لوپه‌لی‌ سه‌ربازیی‌، ره‌وانه‌ی‌ سنوری‌ ناحیه‌ی‌ حه‌مام عه‌لیلی‌ باشوری‌ شاری‌ موسڵ ده‌كات.
میدیاكانی‌ عێراق له‌ زاری‌ فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ بڵاویانكردۆته‌وه‌، سوپای‌ ئه‌مریكا به‌نیازه‌ بنكه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ سه‌ربازی‌، له‌ باشوری‌ موسڵ دابمه‌زرێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیكاته‌ سه‌نته‌ری‌ هه‌ماهه‌نگیی‌ هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان له‌ شه‌ڕی‌ دژ به‌ رێكخراوی‌ داعش‌و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كاندا، له‌ ناو عێراق ‌و سوریادا.