عیراقى و جیهانى

سوپای پاسداران له‌پشت پرۆژه‌كه‌ی مالیكیه‌وه‌یه‌

 

 

 

حزبێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ وه‌ڵامی پڕۆژه‌ یاساكه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی بۆ ده‌ركردنی چه‌كداره‌ بیانییه‌كان له‌ خاكی عێراق، به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و به‌ پلانی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی وه‌سفی ده‌كات.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م یه‌كی ئادار/مارس، فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی ئازادی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، په‌رله‌مانتارانی لیستی "ده‌وڵه‌تی یاسا"ی سه‌ر به‌ نووری مالیكی، له‌ په‌رله‌مانی عێراق، له‌ هه‌وڵی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ یاسایه‌كدان كه‌ ئامانجه‌كه‌ی ده‌ركردن یان چه‌ككردنی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌. 

زیاتر روون كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ئاگاداری بارودۆخی عێراق و ریزبه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانن، باش ده‌زانن رابردووی ئه‌م هه‌وڵانه‌ چییه‌ و په‌یجووری چ مه‌به‌ستێكه‌. له‌ ساڵی 2003 به‌ملاوه‌ تا رۆیشتنیان له‌ عێراق، رێكخراوی موجاهیدین، له‌ به‌رده‌م ئه‌م پلان و گوشارانه‌دا بوون. ئه‌وان له‌ كاتێكدا له‌ چه‌ك داماڵرابوون و خرابوونه‌ چوارچێوه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌، كه‌چی به‌ فه‌رمانی تاران، نووری مالیكی بێ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ر چه‌شنه‌ به‌هایه‌كی سیاسی و ئینسانی، له‌ كه‌مپه‌كانیاندا قه‌تڵوعامی ده‌كردن.

ئه‌م پیلانه‌ی نووری مالیكی و داروده‌سته‌كه‌ی، فه‌رمانێكی راسته‌وخۆی هێزی قودسی سوپای پاسدارانه‌ و له‌ كاتێكدا دێته‌ گۆڕێ كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، له‌ بڕیارێكدا سوپای پاسدارانی ئێران، وه‌ك هێزێكی تێرۆریستیی پێناسه‌ بكات و ئه‌وه‌ش شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بدا به‌ لێدانی له‌ لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌". له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا وا نووسراوه‌.