عیراقى و جیهانى

په‌كه‌كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی سویدی ده‌ڕفێنێ

 

 

 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە پێشمەرگەیەکی سویدی لەلایەن پەکەکەوە ڕفێندراوە و پەکەکە لە ژیانی ئەو پێشمەرگەیە بەرپرسیارە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئاماژە بەوە دراوە: ”نیگەرانین لە چارەنووسی تۆنی ئێکمان، پێشمەرگەی سویدیی خۆبەخش کە ماوەیەکە لە سنووری شنگال لەلایەن هێزێکی سەر بە پەکەکەوە ڕفێندراوە و تائێستا لەلای ئەو هێزەوە دەستبەسەرە“.

ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە پێشمەرگە سویدییەکە ماوەیەک لە سنووری کەرکووک و دواتریش لە سنووری شنگال، شانیەشانی هێزەکانی پێشمەرگە لە دژی داعش لەسەنگەردا بووە. ئەوەش دووپات کراوەتەوە: ”ئێمە نیگەرانیی خۆمان لە بەرامبەر ئەم کردارە دەردەبڕین و هێزەکانی پەکەکە بە بەرپرسیار دەزانین لە ژیانی ئەم پێشمەرگەیە و هیوادارین لە زووترین کاتدا ئازاد بکرێت. وەزارەتی پێشمەرگە لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو هەوڵ و توانای خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئازادکرانی ئەم پێشمەرگە خۆبەخشە“.